Erbil 31°C ھەینی 31 تەمووز 17:22

لە زاخۆ لەنێو باخچەی ماڵێکدا مینێک و دوو گولـلە ئار پی جی دۆزرایەوە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە دهۆک رایگەیاند، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هاووڵاتییەک لەکاتی دروستکردنی باخچەدا مینێکی دۆزیوەتەوە. تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنەکە و لەگەڵ مینەکەدا دوو گولـلە ئار پی جی ـشیان هەڵگرتووەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رێگەی هێڵی گەرمی 182، تیمەکانیان گەیشتوونەتە گوندی قەرەولای سەر بە ناحیەی رزگاری لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هاووڵاتییەک لەکاتی گواستنەوەی خاک بۆ دروستکردنی باخچە، مینێکی لەنێو خاکەکەدا بینیوە و دەستبەجێ تیمەکانیانی ئاگادارکردووەتەوە.

دوای گەیشتنی تیمی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی (EOD)، دەرکەوتووە کە تەقەمەنییەکان پێکهاتوون لە مینێکی دژە کەسی جۆری (Type 72) لەگەڵ دوو گولـلە ئار پی جی.

تیمەکە هەموو تەقەمەنییەکانیان بە سەلامەتی گواستووەتەوە بۆ ئەوەی لە شوێنێکی دیاریکراودا لەناویان ببەن.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مین داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لە کاتی بینینی هەر تەنێکی گوماناوی یان پاشماوەی جەنگ، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵی بێبەرامبەری "182"ـەوە بکەن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.