Erbil 31°C ھەینی 31 تەمووز 17:29

لە سەیدسادق دوو کەس بە ناوی سواڵکردنەوە زیاتر لە 20 هەزار دۆلاریان دزی 

کوردستان TV
100%

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوو تۆمەتباریان لە قەزای سەیدسادق دەستگیرکردووە کە بە بیانووی سواڵکردن چوونەتە ماڵێک و بڕی 20 هەزار و 100 دۆلاری ئەمریکییان دزیوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک، دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە دەستگیرکران.

بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیس، هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمارکردووە کە لە ماڵەکەیدا دزی لێکراوە و بڕی 20 هەزار و 100 دۆلاری ئەمریکی لێ دزراوە. دوای سکاڵاکە، هێزەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، "دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە دوو تۆمەتبار دەستگیربکرێن، کە بە ناوی سواڵکردنەوە چوونەتە ماڵەکە و پارەکەیان بردووە".

تۆمەتبارەکان بە ناوەکانی (ز. ف. أ، لەدایکبووی 1968) و (پ. چ. ف، لەدایکبووی 1984) پیشەیان سواڵکردنە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا، دەست بەسەر بەشێک لە پارە دزراوەکەدا گیراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.