بەگوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەیەك لەناو حوسییەكان، لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل، ئەحمەد غالب رەهوی سەرۆك وەزیرانی حوسییەكانی یەمەن لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵا كوژراون.
سەرچاوەكە بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانیا قسەی كردووە و گوتوویەتی: لە ئەنجامی بۆردومانەكانی شەوی رابردووی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر سەنعای پایتەختی یەمەن، ئەحمەد غالب رەهوی كوژراوە.
بەگوێرەی سەرچاوەكە: شەوی رابردوو ئەحمەد غالب رەهوی سەرۆك وەزیرانی حوسییەكانی یەمەن لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵا لە خانووەیەكدا لە سەنتەری سەنعا لە كۆبوونەوەدا بوونە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل خانووەكەیان بۆردومان كردووە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە حوسییەكان تا ئێستا هیچ زانیارییەكیان لەبارەی شوێنی بۆردومانەكە و كوژراوەكان لە ئەنجامی بۆردومانەكە بڵاو نەكردۆتەوە.
هەر دوای هێرشەكانی شەوی رابردوو، میدیاكانی ئیسڕائیل بڵاویان كردبووەوە: لە ئەنجامی زنجیرەیەك هێرشی فڕۆكە جەنگییەكان ژمارەیەك بەرپرسی باڵای حوسییەكان كوژراون.
كەناڵ 12ی ئیسڕائیلی لەبارەی كوژراوەكان رایگەیاندبوو: ناسنامەی كوژراوەكان لە ئەنجامی هێرشەكە نەزانراون، بەڵام زانیاری هەیە 10 بەرپرسی باڵای حوسییەكان كوژراون یەكێك لەوانە سەرۆكی ئەركانی سوپای حوسییەكانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.