سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی پێشكەوتنەكانی پڕۆژەی رووناكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند "خۆشحاڵم رایدەگەیەنم كە ئێستا هەڵەبجە یەكەم پارێزگایە كارەباكەی بەتەواوەتی بووەتە 24 كاتژمێری".
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند "نزیکەی 4 ملیۆن هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 115 هەزار شوێنی بازرگانی ئێستا لەڕێی پڕۆژەی ڕووناکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە، ئەمەش زیاترە لە 50%ی دانیشتووان، کە دەستکەوتی کەمتر لە ساڵێکە لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە لە تشرینی یەکەمی 2024ـەوە".
مەسرور بارزانی راشگەیاند "هەروەک بەڵێنمان دابوو پێش وادەی خۆی کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتووەتە ناوەندی شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە".
سەرۆكی حكوومەت هەروەها رایگەیاند "خۆشحاڵم ڕایدەگەیەنم کە هەڵەبجە یەکەم پارێزگایە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە بە تەواوی کارەبای 24 کاتژمێریی هەیە".
سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەش دا "ڕووناکی تەنیا کارەبای بەردەوام و جێی متمانە نییە، بەڵکو بەشێکی سەرەکیی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگەیە، تا ئێستا زیاتر لە 3,200 موەلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە گەڕەکەکانمان پاکتر و تەندروستتر و سەلامەتتر بن بۆ منداڵەکانمان".
مەسرور بارزانی گوتیشی "ئامارەکان دەریدەخەن کە ماڵەکان و بازرگانانیش مامەڵەیان لەگەڵ کارەبا گۆڕاوە: کەمتر بەکاردەهێنن و لە پڕۆژەی ڕووناکیدا، نزیکەی 80%ی خەڵک پارەی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو بڕەی کە پێشتر بە موەلیدەکانیان داوە".
سەرۆكی حكوومەت جەختیش دەكاتەوە "هێشتا کارمان ماوە، بەڵێنەکەمان لەجێی خۆیەتی، هەموو ماڵ و بزنسێک تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاتژمێریی دەبێت، ئامادەین بۆ هاوکاریی بەشەکانی دیکەی عێراق بۆ بەدەستهێنانی هەمان ئە دەستکەوتانە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.