لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری مینیاپۆڵسی ویلایەتی مینیوسوتا ئەمریکا، سێ کەس کوژران و 20 کەسی دیکەش برینداربوون. پۆلیسی شارەکە دەڵێت، رووداوەکە لە قوتابخانەیەکی کاسۆلیکی بووە و گومانلێکراوی سەرەکیی رووداوەکەش کوژراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، وەزارەتی دادی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا کوژران و برینداربوونی 23 کەسی لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری مینیاپۆڵسی ویلایەتی مینیوسوتا راگەیاند. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سێ کەس لە رووداوەکەدا کوژراون و 20ـی دیکەش برینداربوون.
پۆلیسی مینیاپۆڵس رایگەیاند، رووداوەکە لە قوتابخانەیەکی کاسۆلیکیی شارەکە روویداوە و ئەو کەسەی گومانی لێ دەکرێت تەقەکەرە سەرەکییەکە بێت، کوژراوە.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند: "زانیاریی تەواوم لەبارەی رووداوی تەقەکردنە تراژیدییەکەی شاری مینیاپۆڵسی ویلایەتی مینیوسوتا پێگەیشتووە".
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "کۆشکی سپی بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی ئەو دۆخە ترسناکەی بەهۆی رووداوی تەقەکردنەکەوە لە مینیاپۆڵس هاتووەتە ئاراوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.