Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 21:00

بەرپرسێكی ئیسڕائیل: قۆناغی جیابوونەوەی سوەیدا لە سووریا دەستی پێ كردووە

کوردستان TV
100%

بەرپرسێكی باڵای ئیسڕائیل ئاشكرای دەكات كە قۆناغی جیابوونەوەی سوەیدا لە سووریا دەستی پێ كردووە، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا سەركردەی باڵای دروزەكان داوای لە وڵاتانی جیهان كردبوو پاڵپشت و هاوكاریان بن لە هەوڵی جیابوونەوەیان لە سووریا.

عەنان وەهبی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئیسڕائیل ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی (i24news) گوتی: سوەیدا دەستی بە قۆناغی یەكەمی جیابوونەوە لە سووریا كردووە دوای ئەو هەموو كوشتارگەیەی بەرامبەر دروزەكان لە پارێزگاكەدا كرا.

هەروەها گوتی: دروزەكان مافی خۆیانە پارێزگاری لە خۆیان و ناوچەكەیان بكەن و لە شوێنێكی جوگرافیای سەربەخۆدا بە ناسنامەی خۆیان بژین.

رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە شێخ حیكمەت هیجری سەركردەی باڵای دروزەكانی سووریا لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا داوای لە جیهان و وڵاتانی ئازاد كرد لە پشت دروزەكان بووەستن بۆ راگەیاندنی هەرێمێكی سەربەخۆ و جیابوونەوە لە وڵاتی سووریا.

شێخ حیكمەت هیجری راشیگەیاندبوو: هەوڵی دروستكردنی هەرێمێكی سەربەخۆ بۆ دروزەكان دوای هەموو ئەو هەموو نەهامەتی و هەوڵانە دێت كە لە ماوەی رابردوودا دژی دروزەكان بۆ لەناوبردنیان درابوو.

سەركردەی باڵای دروزەكان لە تۆمارە ڤیدیۆكەدا سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەشی كردبوو كە لە ماوەی رابردوودا هەوڵی پاراستنی دروزەكانیان لە سووریا داوە، بەتایبەت ئەمریكا و ئیسڕائیل.

ئەم داواكارییەی شێخ حیكمەت هیجری سەركردەی باڵای دروزەكانی سووریا لە كاتێدایە كە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا بەردەوام پێداگیری لە یەكپارچەیی خاكی سووریا دەكاتەوە و رەتی دەكاتەوە هیچ هەرێم و ناوچەیەكی سەربەخۆ لە وڵاتەكەی بێتەكایەوە.

ماوەی زیاتر لە مانگێكە شەڕ و پێكدادان لە پارێزگای سوەیدا لەنێوان دروزەكان و چەكداران و هێزەكای سوپای سووریا و چەند لایەنێكی تر درێژەی هەیە كە بەهۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 1600 كەس كوژراون.

لەبەرامبەریشدا سوپای ئیسڕائیل بۆ پاراستنی دروزەكان، تا ئێستا چەندین هێرشی كردۆتە سەر هێزە ئەمنییەكانی سووریا و هۆزەكان، بەڵێنیشی داوە هەموو هەوڵێك بدات بۆ پاراستنی پێكهاتەی دروزەكان لە سووریا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.