کۆمەڵەی پیشهسازی و بازرگانی ئەڵمانیا هۆشداریدا لەوەی کە ئەم کەرتە رووبەڕووی "قەیرانی گهوره" بووەتەوە، دوای ئەوەی ئەمهریکا باجی کانزاکانی بهشێوهی بهرچاو زیادكردووه.
ئهمڕۆ چوارشهممه 27ی ئاب، ئاژانسی ههواڵی "فرانس پرێس" بڵاویكردووهتهوه، کۆمەڵەی پیشەسازیی ئهڵمانیا لە نامەیەکدا بۆ ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، رایگەیاندووە، "فراوانکردنی باجەکان لهلایهن ئهمهریكا نا دڵنیایی زیاتری لەناو پیشەسازی ئەوروپادا دروستکردووە".
بێرترام کاڤلات، سەرۆکی گروپی کۆمپانیاکان نووسیویەتی: "ئەو زیانانەی کە بەهۆی باجی گومرگییهوه تووشی بوون، لەگەڵ ئەگەری زیادبوونیدا لە چەند مانگی داهاتوودا ئامێر و كهرهستهی پیشهسازی بهرهو لێواری لهناوچوون دهبات.
یەکێتی ئەوروپا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمهریکا لە کۆتایی مانگی تەمموزدا گەیشتنە رێککەوتنێکی چوارچێوە دار و باجی 15% یان بەسەر زۆربەی هەناردەکردنی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەمریکا سەپاند.
هەفتەی ڕابردوو هەردوولا وردەکاری زیاتریان بڵاوکردەوە، بەڵام هێشتا دانوستانەکان بەردەوامن، تا ئێستاش باج لە هەندێک کەرتدا روون نییە.
كۆمهڵهی پیشهسازی ئهڵمانیا نوێنەرایەتی نزیکەی 3600 کۆمپانیا دەکات لە گەورەترین ئابووری ئەوروپا، رایگەیاندووە کە هەنگاوەکانی ئەمهریکا بۆ فراوانکردنی باج لەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆم زۆر زیاتره لە ئاستی 15% بۆ هەندێک بەرهەم.
جێی باسه، هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانی ئهمهریكا باجەکانی فراوانتر کرد و سەدان بەرهەمی دیکەی گرتەوە کە پۆڵا و وەرگیراوەکانی ئەلەمنیۆمیان تێدایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەڵمانیا ئەنجامی راپرسییەکی بڵاوکردووهتهوه، کە تیایدا زۆرینەی ئەو کۆمپانیایانە کە بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە، باوەڕی خۆیان دەربڕیوە کە رێککەوتنی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا بارگرانی زۆری لەسەر ئابووری ئەوروپا دروست كردووه .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.