Erbil 31°C دووشەممە 06 تەمووز 01:43

لە ماوەی كابینەی نۆیەم زیاتر لە 11 ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین پاككراوەتەوە

کوردستان TV
100%

دەزگای گشتیی کاروباری مین لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، توانیویەتی زیاتر لە 11 ملیۆن و 373 هەزار و 50 مەتردووجا زەوی لە مین پاک بکاتەوە.

ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی کە 52 کێڵگەی مین بە تەواوی پاک بکرێنەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە، كە کاریگەرییەکی ئەرێنیی گەورەی لەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتووانی ئەو ناوچانە هەبووە.

لە ڕووی لەناوبردنی مین و تەقەمەنیشەوە، تیمەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، سەرکەوتوو بوون لە لەناوبردنی زیاتر لە 20 هەزار و 856 مین و هەروەها زیاتر لە 125 هەزار و 627 پارچەتەقەمەنیی دیكەی پاشماوەی جەنگ کە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بوون لەسەر سەلامەتیی خەڵک.

لە ئێستادا دەزگای گشتیی کاروباری مین هەڵمەتێکی چڕی هۆشیارکردنەوەی دەستپێکردووە بۆ گەیاندنی پەیامەکانی مەترسیی مین و تەقەمەنی بە هاووڵاتییان.

تیمەکانی هۆشیاری ڕۆژانە لە گەرمیانەوە تاوەکو زاخۆ سەردانی ناوچە سنوورییەکان و ئەو ناوچانە دەکەن کە لە نزیک کێڵگە مینەکانن بۆ ئەوەی زانیاریی پێویست بە خەڵک بگەیەنن و ڕێنماییان بکەن كە چۆن خۆیان بپارێزن.

دەزگای گشتیی کاروباری مین داواشی لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان كرد بە مەبەستی پاراستنی گیان و سەلامەتییان، لە کاتی بینینی مین و تەقەمەنی یان لە حاڵەتی هەبوونی هەر مەترسییەک، بەپەلە پەیوەندی بە ژمارە (182) بکەن كە ژمارەی هێڵی گەرمی تایبەت بە دەزگای گشتیی کاروباری مینە و دەتوانن بێبەرامبەر پەیوەندی پێوە بکەن و دەزگاکەی لێ ئاگادار بکەنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.