ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوبووه‌ته‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر تاپۆكردنی زه‌وی فه‌رمانبه‌ران هیچ بڕه پاره‌یه‌ك له فه‌رمانبه‌رانی سوودمه‌ند وه‌رناگرێت، سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێریش له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: هیچ فه‌رمانێكی له‌و شێوه‌یه‌مان بۆ نه‌هاتووه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 27ی ئاب، كارزان هادی سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێر به دیجیتاڵ میدیای كوردستان تیڤی راگه‌یاند: هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه ده‌ڵێن له‌به‌رامبه‌ر تاپۆكردنی "ته‌ملیك" ئه‌و زه‌ویانه‌ی كه بۆ فه‌رمانبه‌ران ده‌رچووه هیچ بڕه پاره‌یه‌ك له فه‌رمانبه‌رانی سوودمه‌ند وه‌رناگیرێت دووره له راستییه‌وه .
راشیگه‌یاند: هیچ فه‌رمانێكی نووسراومان له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ نه‌هاتووه له‌و باره‌یه‌وه.
سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێر زیاتر گوتی : ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌یه كه بریار دراوه زه‌وییه‌كان به كارت نه‌درێت به فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵكو بكرێته سه‌نه‌دی تاپۆ و به‌ناویان بكرێت ئینجا به فه‌رمانبه‌ران بدرێت.
به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كانی كارگێڕی، بۆ هه‌رمه‌ترێك زه‌وی كه بكه‌وێته سنووری ماسته‌رپلانی شاری هه‌ولێر بڕی "پێنج هه‌زار" دینار وه‌رده‌گیرێت، به‌مه‌ش بۆ تاپۆكردنی 200 مه‌تر زه‌وی فه‌رمانبه‌ران بڕی "ملیۆنێك دینار" له به‌رامبه‌ردا له هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك وه‌رده‌گیرێت، دواتر سه‌نه‌دی زه‌وییه‌كه به‌شێوه‌ی یاسایی به‌ناوی فه‌رمانبه‌ره‌كه ده‌كرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.