حكوومه‌تی رووسیا دژایەتی ته‌واوی خۆی بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی ئاشتیپارێزی ئەوروپا لە ئۆکراینا دووپاتکردەوە و رایگه‌یاند، هەر جۆرە کۆبوونەوەیەک له نێوان ڤلادیمێر پووتین و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته رێگری گه‌وره له‌به‌رده‌م رێككه‌وتنی ئاشتی نێوان هه‌ردوولا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمه‌ریکا لەم دواییانەدا بەجیا لەگەڵ هەردوو سه‌رۆكان زیلینسکی و پووتین کۆبووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، کە زیاتر لە سێ ساڵ و نیوە بەردەوامە.
لای خۆیه‌وه ئۆکراینا فشار دەخاتە سەر گەرەنتی ئەمنی، ئه‌ویش بە پشتیوانی هێزه‌كانی رۆژئاوا (ناتۆ) لە چوارچێوەی هەر رێککەوتنێک بۆ رێگریکردن لە هێرشی زیاتری رووسیا، هاوکات مۆسکۆ داوای ئەوە دەکات کیێڤ خاکی زیاتری لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە پێبدات.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 27ی ئاب، ئاژانسی هه‌واڵی "فرانس پریس" بڵاویكردووه‌ته‌وه، دیمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کرێملین لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، کاتێک پرسیاری لێ ده‌كه‌ن لەبارەی تێڕوانینی مۆسکۆ بۆ جێگیرکردنی هێزێکی ئاشتیپارێزی ئەوروپی وەک بەشێک لە هەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: ئێمە بە نەرێنی سەیری ئەم جۆرە ره‌فتار و گفتوگۆیانە دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد: "گواستنەوەی ژێرخانی سەربازیی ناتۆ بۆ ناو ئۆکراینا رێک ئەوەیە کە رووسیا وەک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشتی رێكنه‌كه‌وتنی ئاشتی سه‌یری ده‌كات و پێی نیگه‌رانه ".
گوته‌بیژی كۆشكی كرێملین زیاتر گوتی : گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکراینا یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکان به‌لای ئۆكراینا، به‌ڵام مۆسکۆ بە ئاشکرا وردەکارییەکانی ئەم پرسە تاوتوێ ناکات.
پێشتر زیلینسکی سه‌رۆكی ئۆكراینا، چه‌ندین جار رووسیای بەوە تۆمەتبار کرد بوو کە جدی نییە لە بەدواداچوونەکانی بۆ رێككه‌وتنی ئاشتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.