سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گەڕانەوەی چاودێرانی ئاژانی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ چاوەدیریی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی پیشڕاست کردەوە.
رۆژی چوارشەممە 27ـی ئابی 2025، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە کۆبوونەوەی ئاشکرای پەرلەماندا، گەڕانەوەی چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ ئەم وڵاتەی پشتڕاست کردەوە.
ڕۆژێک پێشتر رافائێل گرۆسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندبوو یەکەم تیمی چاودێرانی ئەم ئاژانسە گەڕاونەتەوە ئێران و خەریکی ئامادەکارین بۆ دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ماڵپەڕی "ئەمواج میدیا"ی ئێرانی ڕاگەیاند، ئەو تیمەی چاودێرانی ئاژانس لە شاری بووشێهر نیشتەجێ بوون. ئەم شارە تەنیا وێستگەی ئەتۆمیی بەرهەمهێنانی کارەبای ئێرانی لێیە.
عەباس عێراقچی حەفتەی ڕابردوو بە ئاژانسی ئیرنای ڕاگەیاندبوو، دوو مانگی دیکە وادەی گۆڕینی سووتەمەنیی وێستگەی ئەتۆمیی بووشێهرە و زانایانی ڕووسی کە ئەم کارە دەکەن، بە بێ ئامادەبوونی پسپۆڕانی ئاژانس ناتوانن سووتەمەنییەکە بگۆڕن. هەر بۆیە ئێران ناچارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئاژانس بە تەواوی نەپچڕێنێت.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئێرانی بە ماڵپەڕی ئەمواج میدیای گوتووە، پسپۆڕان و چاودێرانی ئاژانس چاوەڕێی مۆڵەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانن بۆ ئەوەی چالاکییەکانیان لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەست پێ بکەنەوە. بەڵام تا ئێستا بڕیار وایە ئەم تیمە تەنیا لەو بنکە ئەتۆمییانە چالاکی بکەن کە هێرشیان نەکرابێتە سەر. ئاماژەی بەوەش کرد سەبارەت بەو سێ بنکە ئەتۆمییەی هێرشیان کرابووە سەر دەبێ لەسەر بابەتی پەیوەندیدار بە ئاسایشی بنکەکان لەگەڵ ئاژانس دانوستان بکرێت.
گەڕانەوەی چاودێرانی ئاژانس ناڕەزایی توندی بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی ئێرانی لێ کەوتەوە. محەممەد تەقی نەقدعەلی، نوێنەری خومەینی شار لە پەرلەمانی ئێران لە وتارێکدا کە لە هۆڵی پەرلەمان خوێندییەوە ڕایگەیاند بە گوێرەی یاسایەک کە لە پەرلەمان پەسند کراوە، هەر جۆرە هاوکارییەکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دەبێ بە مەرجی دابینکردنی ئاسایشی زانایانی ئەتۆمی و گەرەنتیکردنی یەکپارچەیی و سەروەری و پاراستنی مافە ئەتۆمییەکانی ئێران بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.