Erbil 31°C ھەینی 31 تەمووز 17:27

ئوسترالیا باڵیۆزخانەی خۆی لە تاران داخست و باڵیۆزی ئێرانیشی دەرکرد

کوردستان TV
100%

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند دوای سەلماندنی رۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لانیکەم دوو هێرشی دژ بە جووەکانی ئوسترالیا، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەم وڵاتە دەرکردووە، چالاکییەکانی باڵیۆزخانەی ئوسترالیا لە تارانی ڕاگرتووە و بەنیازیشە سوپای پاسداران بخاتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی ئابی 2025، ئانتۆنی ئالبانیز، سەرۆکوەیزرانی ئوسترالیا، لە کۆنفڕانسێکی میدیاییدا لە ناو پەرلەمانی وڵاتەکەی کە بە یاوەریی وەزیری دەرەوە، وەزیری کاروباری ناوخۆ و سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی ئوسترالیا بەڕێوەچوو ڕایگەیاند حکوومەتی ئێران لە لانیکەم دوو هێرش بۆ سەر کۆمەڵگەی جووەکانی ئوسترالیادا دەستی هەبووە.

ئالبانیز رایگەیاند دوو هێرشی تیرۆریستی لە دژی کنێسەی ئاداس ئیسرائیل لە مێلبۆرن و ڕێستورانتی لوئیس کانتینێنتال لە سیدنی، "دەستدرێژیی زۆر مەترسیدار"ن و گەتیشی "ئەگەری زۆرە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوەی هێرشبەرانەی زیاتری لە ناو خاکی ئوسترالیادا بەڕێوە بردبێت".

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا جەختیشی کردەوە حکوومەتی ئوسترالیا یاسایەک پەسند دەکات بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت.

ئاشکراشی کرد باڵیۆزخانەی ئوسترالیا لە تاران داخراوە و سەرجەم کارمەندەکانی گوازراونەتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و لە ئێران نەماون. باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە ئوسترالیا دەرکراوە.

هەر لەم کۆنفڕانسە میدیاییەدا، پێنی وانگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا ڕایگەیاند، بەرپرسانی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حەوت ڕۆژیان مۆڵەت پێ دراوە ئەم وڵاتە بەجێ بێڵن.

ئاماژەی بەوەش کرد لە پاش دووهەم جەنگی جیهانییەوە، ئەمە یەکەم جارە باڵیۆزێک لە ئوسترالیا دەردەکرێت و "هۆکارەکەشی کردەوە قەبوڵنەکراوەکانی ئێرانە".

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.