گوته‌بێژی كۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان له كه‌رتی غه‌زه جەختی لەوە کردەوە کە هەرگیز نابێت رۆژنامەنووسان و نەخۆشخانەکان بکرێنە ئامانج، ئه‌مه‌ش دوای بۆردومانێکی چڕی ئیسرائیل هات بۆ سەر نەخۆشخانەی ناسڕ لە غەزە كه لانیکەم 20 کەس گیانیان لەدەست دا، لە نێویاندا 5 رۆژنامەنووس هه‌یه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 25ی ئاب، راڤینا شەمداسانی گوتەبێژی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سه‌ر به رێکخراوی نەتەوەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: کوشتنی رۆژنامەنووسان لە غەزە پێویستە جیهان تووشی شۆک بکات، نەک ببێتە هۆی بێدەنگی.
جەختی لەوەش کردەوە: هەر شەڕێک رووبدات هه‌رگیز نابێت رۆژنامەنووسان یان نەخۆشخانەکان بكرێنه ئامانج .
گوته‌بێژی كۆمسیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: لە ناوەڕاستی شەڕ و برسێتیدا، هێشتا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسڕائیلەوە رێگری لە رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی دەکرێت بۆ چوونە ناو کەرتی غه‌زه، کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە لانیکەم 247 رۆژنامەنووسی فەلەستینی و جیهانی و عه‌ره‌بی کوژراون
گوتەبێژی کۆمسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر ده‌ڵێت: ئەم ڕۆژنامەنووسانە چاو و گوێی جیهانن، دەبێت بپارێزرێن. هەروەها ئاماژەی بە پێویستی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و سەربەخۆ لە هۆی مردنەکانیان و مەرگی بێشوماری خەڵکی مەدەنی دیکە كردووه بۆ دڵنیابوون لە خزمەتکردنی دادپەروەری.
لای خۆیه‌وه هه‌ر ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه مەحموود بەسەل گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەزە راگەیاندبوو: باڵەخانەی پزیشکی ئەلیاسین لەناو نەخۆشخانەی ناسڕ لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و لە کاتێکدا تەرمی شەهیدان و بریندارەکان دەگوازرێنەوە ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه، كه‌چی جارێکی دیکە شوێنەکە بە هێرشێکی ئاسمانی کرایە ئامانج.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.