بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، میکانیزمی وەرگرتنی کۆمپانیاکانی بۆ حەجی ساڵی 2026 راگەیاند و گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت، بەشێک لە باشترین کۆمپانیاکانی حەجی ئەمساڵ وەک پاداشت و بەبێ تیروپشک، بۆ ساڵی داهاتوو هەڵدەبژێردرێنەوە.
رۆژی دووشەممە 25ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوا لەو کۆمپانیایانە دەکات کە دەیانەوێت بەشداری لە وەرزی حەجی ساڵی 2026 - 1447ـی کۆچی بکەن، خۆیان لە سیستمی ئۆنلاین تۆمار بکەن.
کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی راگەیاند: لە هەرێمی کوردستان 400 کۆمپانیای حەج و عومرە هەن، ساڵانە لە لایەن لیژنەیەکەوە هەڵسانگاندنیان بۆ دەکرێت و لە کۆتاییدا 112 کۆمپانیا بۆ حەج دەنێردرێن.
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی: "وەک پاداشتێک، بەشێک لەو کۆمپانیایانەی لە حەجی 2025ـدا باشترین خزمەتگوزارییان پێشکەش کردووە، بەبێ تیروپشک بۆ وەرزی داهاتوو هەڵدەبژێردرێنەوە".
میکانیزمی پاداشتکردنەکە بەمشێوەیە دەبێت:
لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، باشترین پێنج کۆمپانیا هەڵدەبژێردرێن.
لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی (سۆران، زاخۆ، گەرمیان و راپەڕین) دوو باشترین کۆمپانیا هەڵدەبژێردرێن.
کاروان ستونی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کۆمپانیایانەی دیکە کە داواکاری پێشکەش دەکەن، دوای تۆمارکردنیان لە سیستمی ئۆنلاین، لەلایەن لیژنەیەکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە، ناوەکانیان بۆ تیروپشک بەرز دەکرێتەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە روونی کردەوە، ئامانج لەم هەنگاوە پاداشتکردنی ئەو کۆمپانیایانەیە کە باشترین خزمەتیان پێشکەش بە حاجییان کردووە و هەمیشە لە خزمەتیاندا بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.