بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆک، 367 پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری ئەنفالکراوان، پێشمەرگە و فەرمانبەراندا لە سنووری قەزای سێمێل و چەند ناحیەیەک دابەشکران.
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، لە دیوانی پارێزگای دهۆک، بە ئامادەبوونی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی دەستی پێ کرد و 367 پارچە زەوی بە تیروپشک بەسەر ئەو هاووڵاتییانەدا دابەشکران کە پێشتر رەزامەندییان بۆ وەرگیرابوو.
دابەشکردنی زەوییەکان بەمشێوەیە:
167پارچە زەوی بۆ زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە قەزای سێمێل.
133 پارچە زەوی بۆ زیندانیانی سیاسی، فەرمانبەران و پێشمەرگە لە شاریا.
76 پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران لە ناحیەی تەناهی.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوامە و کارکردن لەسەر ئامادەکردنی زەوی و راپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتییان بەردەوامە و لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆسەکە بەرفراوانتر دەبێت.
عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون کە دەست بە تاپۆکردنی ئەو پارچە زەوییانە بکەن کە دابەشکراون، هەروەها هەر شوێنێک بۆ دابەشکردن ئامادە کرا، دەستبەجێ دەست بە رێکارەکانی دابەشکردنی دەکرێت".
لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا و لە قۆناغی یەکەمدا، 1048 پارچە زەوی لە سنووری شارەوانیی فەیدیێ بەسەر زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری ئەنفالکراواندا دابەشکراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.