سەرۆکی ئەمریکا، هێرشی کردە سەر کەناڵەکانی ئەی بی سی و ئێن بی سی و بە بەرهەمهێنانی هەواڵی ساختە تۆمەتباری کردن، هاوکات داوای کرد مۆڵەتی پەخشیان هەڵبوەشێنرێتەوە.
رۆژی دووشەممە 25ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیال" رایگەیاندووە، کەناڵەکانی ئەی بی سی (ABC) و ئێن بی سی (NBC)ـی زۆربەی کات هەواڵی نەرێنییان لەبارەی سەرۆکایەتییەکەیەوە بڵاوکردووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئەو دوو کەناڵەی بە دوو خراپترین و لایەنگرترینی کەناڵەکانی مێژوو ناوبرد و بە بەرهەمهێنانی هەواڵی ساختە تۆمەتباری کردن و نووسیویەتی: "سەرەڕای ئەوەی جەماوەرێکی زۆر بەرزم هەیە و بە بڕوای زۆر کەس ماوەی سەرۆکایەتییەکەم یەکێک لە باشترین 8 مانگی مێژووی سەرۆکایەتییە، کەچی دوو خراپترین و لایەنگرترینی کەناڵەکانی مێژوو، ئەی بی سی و ئێن بی سی، هەواڵی ساختە بڵاودەکەنەوە و 97٪ـی هەواڵەکانیان لەبارەی منەوە خراپە".
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەو کەناڵانە لە ئەمریکا وەک لقێکی پارتی دیموکرات کار دەکەن و پێویستە مۆڵەتی پەخشیان لەلایەن کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی فیدراڵی (FCC)ـەوە هەڵبوەشێنرێتەوە".
ناوبراو گوتیشی: "من بە دڵنیاییەوە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکانیاندام، چونکە زۆر لایەنگرن و درۆ دەکەن، ئەوان هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر دیموکراسییەتەکەمان دروست دەکەن".
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئەو کەناڵانە باجی مۆڵەت نادەن، کە بە گوتەی ئەو دەبێت ملیۆنان دۆلار بێت و لە کۆتاییدا نووسیویەتی: "پێویستە بەهۆی رووماڵی نادادپەروەرانەیان بۆ کۆمارییەکان یان پارێزگاران، مۆڵەتەکانیان لەدەست بدەن، بەڵام بەلایەنی کەمەوە دەبێت باجێکی زۆر بدەن لەبەرامبەر ئەو ئیمتیازەی کە هەیانە بۆ بەکارهێنانی بەنرخترین تۆڕەکانی پەخش لە هەر کات و شوێنێکدا کە بیانەوێت."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.