Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 06:59

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڵبژاردنەکانی سووریا رەت دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

بەرێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، رەتیکردەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریادا بکات و رایگەیاند، ئەو پرۆسەیە نادیموکراتییە و درێژەپێدەری سیاسەتی پەراوێزخستنە کە رژێمی بەعس پەیڕەوی دەکرد. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە پابەندی ئەنجامەکانی نابێت و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دانی پێدا نەنێت.

بەرێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا راگەیاند و بە هەنگاوێکی پێچەوانەی ئامانجەکانی شۆڕشی سووریاوەسفی کرد.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەنگاوەکانی دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، لە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانییەوە تا پێکهێنانی حکومەتی کاتی و راگەیاندنی دەستوور و ئەمڕۆش پرۆسەی هەڵبژاردن، هەموویان پێچەوانەی ئامانجەکانی شۆڕش بوون کە داوای دادپەروەری، دیموکراسی و یەکسانیی دەکرد".

بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەڵبژاردنانە "دیموکراتی نین و گوزارشت لە ئیرادەی سوورییەکان ناکەن و درێژەپێدەری ئەو رێبازەی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە کە سوورییەکان لە ماوەی 52 ساڵی دەسەڵاتی بەعسدا چەشتوویانە".

بە بڕوای بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم کاتەدا، نزیکەی نیوەی خەڵکی سووریا لە پرۆسەکە دووردەخاتەوە، بەتایبەتی ئەو زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتییەی کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەژین. هەروەها ئەو پاساوە رەت دەکاتەوە کە گوایە ناوچەکانیان نائارامن و دەڵێت: "ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئارامترین ناوچەن بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی سووریادا".

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: "ئێمە هەر رێکار و بڕیارێک رەت دەکەینەوە کە بە عەقڵییەتێکی تاکلایەنە بسەپێنرێت، هەر بڕیارێک لەم چوارچێوەیەدا بدرێت، ئێمە پابەند نابین بە جێبەجێکردنییەوە".

لە کۆتاییدا، بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات دان بەو هەڵبژاردنانەدا نەنێن، چونکە بە پێچەوانەی بڕیاری 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی دەزانێت. هەروەها چارەسەری قەیرانی سووریا بە رێڕەوێکی سیاسیی گشتگیر دەزانێت کە "هەموو سوورییەکان تێیدا بەشدار بن، بۆ گەیشتن بە سووریایەکی دیموکراتی، فرەیی و لامەرکەزی."
 

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.