سەرۆكی رووسیا پێشنیاری كردووە، كۆبوونەوە راستەوخۆكەی لەگەڵ سەرۆكی ئۆكڕاینا سەبارەت بە كۆتاییهێنان بەجەنگی نێوان هەردوو وڵات، لە مۆسكۆی پایتەختی وڵاتەكەی ئەنجام بدرێت، لەبەرامبەریشدا هەر بەخێرایی وەڵامەكەی بە تەنیا دوو پیت پێ درایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە قسەیان كردووە سەبارەت بە كۆبوونەكانی دوێنێ دووشەممە لەنێوان سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی ئۆكڕاینا و بەشێك لە سەرۆك و سەركردەكانی وڵاتانی ئەوروپا.
ئاژانسی (فڕانس پرێس) لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەك گواستییەوە: لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، پووتین پێشنیاری كردووە كۆبوونەوە راستەوخۆكەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی لە مۆسكۆی پایتەختی رووسیا ئەنجام بدرێت.
لای خۆشییەوە زیلینسكی بە خێرایی وەڵامی پێشنیارەكەی پووتینی داوەتەوە بە "نەخێر" وەڵامی داوەتەوە.
رۆژی هەینی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە ئەلاسكا پێشوازی لە ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا كرد، شەوی رابردووش لە كۆشكی سپی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكڕاینا و بەشێك لە سەرۆك و سەركردەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كۆبووەوە، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانیش دۆزینەوەی چارەسەرێك بوو بۆ قەیرانی جەنگی رووسیا و ئۆكڕاینا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.