Erbil 31°C پێنجشەممە 02 تەمووز 19:14

ئەمریکا: هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین دەگەیەنینە سفر

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ، لە درێژەی سیاسەتی زۆرترین گوشار بۆ سەر ئێران، سوورە لەسەر ئەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین بگەیەنێتە سفر.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە بە زمانی فارسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاندووە: "پەیامی حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ لە بە ئامانجگرتنی شادەمارە سەرەکییەکانی ئابووریی ئێران ڕوونە و ئەویش ئەوەیە ئەم حکوومەتە دەبێ هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت؛ بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی گۆشەگیری و کێشەی ئابووریی بەردەوام دەبێتەوە".

ئاماژەی بەوەش کردووە: "حکوومەتی ئێران بۆ ئەوەی بتوانێ سەرەڕای گەمارۆکان نەوتەکەی بفرۆشێت، زیاتر لەو داهاتەی لە ڕێگای فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوێت، پارە خەرج دەکات".

حکوومەتی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بە مەبەستی هاندانی کۆمپانیا و پاڵاوگە چینییەکان بۆ کڕینی نەوتەکەی، نەوتی خۆی بە داشکانی زیاتر لە 20 دۆلار دەفرۆشێت و گواستنەوەی نەوت بۆ چینیش بە شێوەی نایاسایی و لە ڕێگای تۆڕێک لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، بە چەندین جار گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە، تێچوویەکی زۆری بۆ ئەم وڵاتە هەیە.

کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکا لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کردووە، چین سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا، لە کڕینی نەوتی ئێران بەردەوامە و زیاتر لە 90٪ی نەوتی هەناردە کراوی ئێران بەرەو چین دەڕوات.

دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنەوەی، سیاسەتی زۆرترین گوشار لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئیرانی چالاک کردەوە. ئەم سیاسەتە کە لە کابینەی یەکەمی ترەمپدا داڕێژراوە، ئامانجی ئەوەیە هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر و سەرچاوەکانی داهاتی ئەم وڵاتە وشک بکات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.