جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد رەت دەکاتەوە و رایگەیاند، هیچ شتێکی فەرمی لەوبارەیەوە نییە و ئەوەی دەگوترێت تەنیا دەنگۆیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی ئابی 2025، سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی راگەیاند: "هیچ هێزێکی هاوپەیمانان لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد نەکشاوەتەوە، هیچ شتێکی فەرمی نییە و تەنیا دەنگۆیە".
سەبارەت بە پلانی کشانەوەی ئەو هێزانە، سەگڤان سندی گوتی: "وابڕیارە لە مانگی نۆی ئەمساڵ بەشێک لە هێزەکان بکشێنەوە، هەرچەندە من بە دووری دەزانم ئەمە رووبدات، چونکە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق بۆ ئەم پرۆسەیە ئامادە نییە".
ئەمڕۆ، بەشێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان بنکەی سەربازی عەین ئەسەدیان بەرەو سووریا جێهێشتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.