بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، شانشینی سعوودیە و سووریا رێککەوتنێکی هاندان و پاراستنی وەبەرهێنانی هاوبەش واژۆ بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، بڕیارە شانشینی سعوودیە و سووریا رێککەوتنێکی ستراتیژی بۆ هاندان و پاراستنی وەبەرهێنانی هاوبەش واژۆ بکەن، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیانە.
بۆ ئەم مەبەستە، شاندێکی سووری بە سەرۆکایەتیی دکتۆر محەمەد نیدال ئەلشەعار، وەزیری ئابووری و پیشەسازیی ئەو وڵاتە، سەردانی ریازی پایتەختی سعوودیەی کردووە. لە سەردانەکەدا نوێنەرانی کەرتی تایبەتی هەردوولاش بەشدارن.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سعوودیە "واس"، ئەم سەردانە درێژکراوەی دەرەنجامەکانی "کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعوودی-سووری"ـیە کە مانگی رابردوو بە چاودێریی ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا و بە بەشداریی زیاتر لە 100 کۆمپانیای سعوودی و 20 دامەزراوەی حکوومیی شانشینەکە بەڕێوەچوو.
لە کۆڕبەندەکەدا رێککەوتن لەسەر 47 پڕۆژەی وەبەرهێنان کرا کە کۆی گشتیی بەهایان زیاترە لە 24 ملیار ریاڵی سعوودی. پڕۆژەکان چەندین کەرتی گرنگی وەک خانووبەرە، ژێرخان، دارایی، گەیاندن و تەکنەلۆژیای زانیاری، وزە، پیشەسازی، گەشتیاری، بازرگانی و تەندروستی دەگرنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.