Erbil 31°C چوارشەممە 01 تەمووز 23:24

سبەی ترەمپ لەگەڵ زیلینسكی و سەرۆكی بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا كۆ دەبێتەوە

کوردستان TV
100%

بڕیارە سبەی دووشەممە سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكی ئۆكڕاینا و هەروەها بەشێك لە سەرۆكی وڵاتانی ئەوروپا كۆببێتەوە.

بەر لەوەی كۆبوونەوە فراوانەكەی لەگەڵ سەرۆكی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، سبەی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە واشنتن بەتەنیا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكڕاینا كۆ دەبێتەوە.

چاوەڕوان دەكرێت كۆبوونەوەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و زیلینسكی چەند كاتژمێرێك بخایەنێت و كۆمەڵێك بابەت و پرس تاوتوێ بكەن لە سەرووی هەموویانەوە گفتوگۆكانی كۆبوونەوەی لووتكەی ئەلاسكا لەنێوان ترەمپ و پووتین.

هەر سبەی دووشەممە لە واشنتن، ترەمپ و زیلینسكی و سەرۆكی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كۆبوونەوەیەكی دیكەی فراوان ئەنجام دەدەن.

كۆبوونەوەكە بە بەشداری ئەم سەرۆكانە ئەنجام دەدرێت، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، سەرۆكی فڕەنسا، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا، سەرۆكی فینلەندا، سەرۆكی یەكێتی ئەوروپا و ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ.

ئەمە لەكاتێكدایە كە رۆژی هەینی رابردوو ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا لە ئالاسكا لەگەل دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كۆببووەوە، كۆبوونەوەكە دوو كاتژمێر و 45 خولەكی خایاندبوو.

وەك راگەیەنرابوو، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە قەیرانی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆكڕاینا و كۆتاییهێنان بە جەنگ و ماڵوێرانییەكانی نێوان هەردوو وڵاتەوە بوو.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.