هاووڵاتییانی شارۆچكەی دێر لە سنووری پارێزگای بەسڕە، بەهۆی كێشەی كەمی و خراپی و سوێری ئاوی خواردنەوەیان، خۆپیشاندانیان دەست پێ كرد.
لە خۆپیشاندانەكەدا هاووڵاتییان دەیان دروشمی "توێنێتی كوشتمانی و پیسی و سوێری ئاوی خواردنەوە"یان بەرز كردۆتەوە و داوای چارەسەری بەپەلەی كێشەی ئاوی شارۆچكەكەیان دەكەن.
هاووڵاتییان لە خۆپیشاندانەكاندا هەروەها جەختیان لەوە كردۆتەوە كە بەهۆی خراپی ئاوی خواردنەوەیان، دەیان كەسیان تووشی نەخۆشییەكانی پێست و مرداربوونەوەی ئاژەڵەكانیان بوونەتەوە.
داواشیان كرد حكوومەتی خۆجێیی بەسڕە بەپەلە بێتە سەرخەت و چارەسەری كێشەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ بكرێت.
پێشتر عەلی عەبادی سەرۆكی ناوەندیی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ لەبارەی خراپی ئاوی خواردنەوە لە بەسڕە رایگەیاندبوو: بەهۆی خراپی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگەی بەسڕە، سەدان حاڵەتی نەخۆشی پەڵەی پێست لە نەخۆشخانەكان تۆماركراون، بەشێك لە نەخۆشەكانیش منداڵانن.
راشیگەیاندبوو: حكوومەت لە پڕۆسەی پاككردنەوەی ئاوی خواردنەوە تەنیا ماددەی كلۆر و چەند تەكنیكێكی سادە بەكاردەهێنێت، بەكارهێنانی ئەم ماددە و تەكنیكانە نابنە هۆی ئەوەی ئاوەكە بەتەواوی خاوێن بێتەوە، بۆیە لە نەخۆشخانەكان سەدان نەخۆشییەكانی پێست و دروستبوونی پەڵە تۆماركراون.
سەرۆكی ناوەندیی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشدابوو كە جگە لە خراپی ئاوی خواردنەوە، لە بەسڕە هەروەها كێشەی كەمئاویش لە گەڕەكەكان زۆرە، بەشێوەیەكی گشتی عێراق لە بابەتی ئاو بە دۆخێكدا تێپەڕ دەبێت كە لە ساڵی 1930ـەوە هاوشێوەی نەبووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.