Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 03:14

سبەی كۆبوونەوەی لووتكە لەنێوان ترەمپ و پووتین لە ئەلاسكا بەڕێوەدەچێت

کوردستان TV
100%

بڕیارە سبەی هەینی كۆبوونەوەی لووتكەی نێوان دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا لە شاری ئەنکۆریج لە ئالاسکا ئەنجام بدرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی یووری ئوشاكۆف جێگری سەرۆكی رووسیا بۆ كاروباری دەرەوە، بابەتی سەرەكی كۆبوونەوەكە قسەكردن دەبێت لەسەر چارەسەركردنی قەیرانی ئۆكڕاینا.

ئوشاكۆف هەروەها گوتوویەتی: جگە لە بابەتی ئۆكڕاینا، هەردوو سەرۆك چەند بابەتێكی دیكەش تاوتوێ دەكەن لەوانە، پرسی تایبەت بە ئاشتی و سەقامگیری لە جیهان، لەگەل چەند بابەتێكی نێودەوڵەتی و هەرێمی.

كۆبوونەوەكە رووبەڕوو لەنێوان ترەمپ و پووتین لە كاتژمێر 11:30ی پێش نیوەڕۆی سبەی هەینی (22:30 بەكاتی كوردستان) دەست پێ دەكات بە ئامادەبوونی دوو وەرگێڕی تایبەتی زمانەكان ئینگلیزی و رووسی.

جگە لە كۆبوونەوەكەی نێوان ترەمپ و پووتین، كۆبوونەوەی شاندی باڵا هەردوو وڵاتی ئەمریكا و رووسیاش ئەنجام دەدرێت كە هەر وڵاتێك 5 بەرپرسی باڵا بەشداری تێدا دەكەن.

دوای تەواوبوونی كۆبوونەوە راستەوخۆكەی نێوان ترەمپ و پووتین و شاندی باڵای هەردوو وڵات، سەرۆكی هەردوو وڵاتەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدەن.

شاندی باڵای رووسیا هاوشان لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین بۆ كۆبوونەوەكە پێكدێن لە، وەزیری دەرەوە، وەزیری دارایی، وەزیری بەرگری، جێگری سەرۆك بۆ كاروباری دەرەوە لەگەڵ سەرۆكی سندووقی وەبەرهێنانی رووسیا.

لە لایەنی ئەمریكاش ناوی شاندەكە دیاری كراون، بەڵام تا ئێستا ئاشكرا نەكراون.

دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكان، سەرۆك و شاندی باڵای رووسیا راستەوخۆ ئالاسكا جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە وڵاتەكەیان.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.