Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 05:18

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: هیچ رێککەوتننامەیەکی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئێراندا نییە

کوردستان TV
100%

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە واژۆکرانی ڕێککەوتننامەی ئەمنی لە نێوان بەغدا و تارانی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: هیچ رێککەوتننامەیەکی ئەمنی لە نێوان دوو وڵاتدا نییە و ئەوەی هەیە یادداشتنامەیەکی لێک تێگەیشتنی ئەمنییە.

قاسم ئەعرەجی لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا بڵاوی کردووەتەوە سەبارەت بە هەواڵی واژۆکرانی ڕێککەوتننامەی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئێراندا لە کاتی سەردانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ بەغدا ڕایگەیاندووە عێراق تەنیا کۆنووسێکی ئەمنیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە.

لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆنووسی ئەمنیی نێوان دوو وڵات کە لە 19ی ئاداری 2023 واژۆ کراوە و بە ڕێککەوتنی ئەمنیی هاوبەش ناسراوە، تایبەتە بە ئاسایشی سنوور و ڕێکارەکانی تایبەت بە سنووردارکردنی چالاکیی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی ئێران کە لە هەرێم نشتەجێن.

باسی لەوەش کردووە هەماهەنگی کراوە بۆ گۆڕینی ئەم کۆنووسە ئەمنییە بۆ یادداشتنامەیەکی لێک تێگەیشتنی ئەمنی کە هەمان ناوەرۆکی هەبێت و بابەتەکانی ئاسایشی سنوور، هاوکاریی ئەمنی و پرسی هەر پێنج حیزبەکەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لە خۆ بگرێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە کاتی پێویستی خۆی وەرگرت و لە ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو و بە بڕیارێکی ئەنجومەن پەسەند کرا و لە چاوەڕوانیی واژۆکردندا مایەوە"

ئاماژە بەوەش کراوە: دوای دەستنیشانکردنی لاریجانی وەک سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و سەردانەکەی بۆ بەغدا، یاداشتنامە ئەمنییەکەی لێکتێگەیشتن بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق واژۆ کرا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی کردووەتەوە هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان دوو وڵاتدا نییە بەڵکوو ئەوەی هەیە یادداشتنامەیەکی لێک تێگەیشتنی ئەمنییە و داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە لە گواستنەوەی هەواڵ بۆ جەماوەر ورد بن و هەواڵەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.