سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گفتوگۆیەکانی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند ئیسرائیل لە 20 مانگی ڕابردوودا، لە حەوت بەرە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تووشی شکست کردووە و بەرەی هەشتەمی شەڕ بەرەی سەلماندنی ڕاستییە.
نەتانیاهۆ بنیامین نەتانیاهۆ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی نیوزمەکس رایگەیاند: لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا ئیسرائیک توانیویەتی بە هێرشی سەربازیی رێکخراو، "میحوەری ئێران" تووشی ئیفلیجبوون بکات و کۆنترۆڵی ئاسمانی تارانیش بەدەستەوە بگرێت.
بە گوتەی نەتانیاهۆ، ئیسرائیل لە بیست مانگی ڕابردوودا توانیویەتی ژێرخانە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران و ناوەندەکانی فەرماندەیی هێزی سەربازیی ئەم وڵاتە بە ئامانج بگرێت. ژمارەیەکی زۆر لە زانایانی ئەتۆمی و فەرماندە سەربازییەکانی ئەوانیشی لە خولەکەکانی سەرەتای شەڕەکەدا لەناو بردووە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی ئێمە نەک هەر لە شەڕی راستەوخۆ بەڵکوو لە ئاستی گێڕانەوە و ئاراستەکردنی ڕای گشتییش لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەڕداین. جەختیشی کردەوە "ئێمە لە حەوت بەرە لە دژی ئێران شەڕمان کرد و بەرەی هەشتەم، شەڕ لە پێناو ڕاستیدایە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێران دوو جار هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپی داوە، هەزاران سەربازی ئەمریکیی لە عێراق و ئەفغانستان بە بۆمبی چێنراوی قەراغ جادەکان کوشتووە یا بریندار کردووە، باڵیۆزخانەکانی ئەمریکای بە ئامانج گرتووە و 251 چەکداری ئەمریکای لە بەیرووت کوشتووە".
نەتانیاهۆ هۆشدارییشی دا ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات، لە دژی ئیسرائیل بەکاری دێنێت. گوتیشی: "ئێمە لە مێژوو فێر بووین ئەگەر کەسێک هەڕەشەی لەناوبردنمانی کرد بڕوا بە قسەکەی بکەین وەک چۆن هیتلەر هەڕەشەی کرد و بە کردەوەش جێبەجێی کرد".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.