Erbil 31°C یەکشەممە 28 حوزەیران 12:22

ترەمپ و پوتین رۆژی هەینی لە ئەلاسکا کۆ دەبنەوە

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد ڕۆژی هەینیی داهاتوو، لە ویلایەتی ئەلاسکای ئەمریکا، لەگەڵ سەرۆککۆماری ڕووسیا کۆ دەبێتەوە.

ڕۆژی شەممە 9ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال ڕایگەیاند: "دیدارە چاوەڕوانکراوەکەی من وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، ڕۆژی هەینیی داهاتوو 15ـی ئابی 2025 لە ویلایەتە مەزنەکەی ئەلاسکا بەڕێوە دەچێت".

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە دواتروردەکاریی زیاتر لەسەر ئەم کۆبوونەوەیە بڵاو دەکرێتەوە.

تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پۆتین، پرسی جەنگ لە ئۆکراینا و کێشەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیایە. رادیۆ ئەوروپای ئازاد کە بودجەکەی لە لایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت ڕایگەیاندووە پۆتین حەز دەکات کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن چارەسەر بکات و هاوکاتیش ئۆکراینا ناچار بکات مەرجەکانی ڕووسیا بۆ ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ قبووڵ بکات.

پێشتر ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمریکا و کەناڵی سی ئێن ئێن لەسەر زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایانگەیاندبوو ترەمپ دەخوازێ لە پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، کۆبوونەوەیەکی لوتکەی سێ قۆڵیشیان بە بەشداریی ڤلۆدمیر زلینێسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراینا هەبێت.

 ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ستیف ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە مۆسکۆ لەگەڵ پوتین کۆبووەوە و هەردوو لا کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی زانی.

دوایین کۆبوونەوەی لوتکەی هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و ڕووسیا چوارساڵ لەمەوبەر و لە کاتی سەرۆکایەتیی جۆ بایدن بەڕێوە چووبوو.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.