بەرپرسێکی ئاگر کوژێنەوەی فەرەنسا دەڵێت، ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و کاتی زیاتری دەوێت، شارەزایانی کەشناسیش هۆشداری دەدەن لە زیاد بوون خێرای با و گەرمبوونی ناوچەکە و ئەگەری دووبارە زیاد بوونەوەی ئاگرەکە.
ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئابی 2025، بەرپرێکی ئاگر کوژێنەوە رایگەیاند، ئاگرکوژێنەوەکانی فەرەنسا دەیانەوێت سوود لە کەشوهەوای ئێستا وەربگرن پێش بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی خێرایی با لە هەفتەی داهاتوودا.
کریستیان بوجێ بەرپرسی ناوچەکە هۆشداریدا و گوتی "ئاگرەکە تا چەند ڕۆژێکی تر ناکوژێتەوە و رێگایەکی درێژمان لەبەردەم ماوە"، ئەمەش دوای ئەوەی توانییان ئاگرێکی گەورە کۆنترۆڵ بکەن کە ڕۆژی سێشەممە لە ناوچەیەکی دارستانی لە باشووری فەرەنسا کەوتبووەوە.
نزیکەی هەزار ئاگرکوژێنەوە کار بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەکەن و دەیانەوێت بەتواوی بیکوژێننەوە، بەپێی دەزگای کەشناسی نیشتمانی، چاوەڕوان دەکرێت دۆخەکە لە کۆتایی هەفتەدا خراپتر بێت بەهۆی پێشبینی شەپۆلێکی گەرما و زیادبوونی خێرایی باوە.
ئەم ئاگرە کە بە گەورەترین ئاگر دادەنرێت لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژنێکی تەمەن 65 ساڵ و برینداربوونی 23 کەسی دیکە.
بەپێی گوتەی دەسەڵاتداران، پێنج لە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و باری تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە، هەروەها 18 ئاگرکوژێنەوەش برینداربوون کە یەکێکیان دۆخێکی تەندروستی مەترسیدایە.
بەگوێرەی گوتەی بەرگری شارستانی، ئاگرەکە 17 هەزار هێکتار لە زەوی دارستان و سنەوبەری سووتاندووە و 13 هەزار هێکتاریان بە تەواوی سووتاون.
کریستیان بوجێ ئاماژەی بەوەشکرد کە نزیکەی دوو هەزار کەس کە لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون، هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
فرانسوا بایڕۆ، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا، ڕۆژی چوارشەممە ئاگرەکەی بە "کارەساتێکی بێ وێنە لە ڕووی قەبارەوە" وەسف کرد و ئاماژەی بەوەشکرد کە پەیوەندی بە گەرمبوونی کەشوهەوا و وشکەساڵییەوە هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.