حکوومەتی ئەڵمانیا چەک و پێداویستی سەربازی ناداتە ئیسرائیل و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، هیچ چەکێک نانێرم هاووڵاتیی مەدەنی غەزە بکاتە قوربانی.
ئەمرۆ هەینی 8ـی ئابی 2025، فرێدریش مێرتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "حکوومەتی ئەڵمانیا تا کاتێکی نادیار ڕەزامەندی لەسەر هەناردەکردنی هیچ کەرەستەیەکی سەربازی نادات کە لەوانەیە لە کەرتی غەزەدا بەکاربهێنرێت."
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا گوتیشی کە ئیسرائیل مافی حەماس چەک بکات و هەوڵ بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بدات، بەڵام بەو شێوازەنا کە ئیسرائیل دەیەوێت جێبەجێی بکات.
فرێدریش مێرتز ئاماژەی بەوەشکرد کە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و دانوستاندن بۆ ئاگربەست لە پێشینەی کارەکانی ئەڵمانیادان، هاوکات نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئازارەکانی دانیشتووانی مەدەنی لە کەرتی غەزە.
بەپێی پەیمانگای نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەکانی ئاشتی، ئەڵمانیا لە نێوان ساڵانی 2019 و 2023 نزیکەی 30%ی گرنگترین هاوردەکانی چەکی بۆ ئیسرائیل دابین کردووە، بەتایبەتی کەرەستەی دەریایی، لەوانەش کەشتی جەنگی (فریگات) کە لە شەڕی غەزەدا بەکارهێنراون.
هاوپەیمانە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ناو حکوومەتە هاوپەیمانییەکەی سەرۆکوەزیران بنیامین نەتانیاهۆ، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی غەزە دەدەن، وەک بەشێک لە بەڵێنەکەیان بۆ لەناوبردنی چەکدارانی حەماس، سەرەڕای ئەوەی کە سوپا هۆشداریی داوە کە ئەم کارە لەوانەیە ژیانی بارمتە ماوەکان بخاتە مەترسییەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.