بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق رایگەیاند هیچ بەشدارییەکیان لە تێکەڵکردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی وڵاتانی دیکەی و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەبووە.
عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە بێ ئاماژەکردن بە ناوی ئێران ڕایگەیاند: "بانگەشەی ئەوەی لە عێراق هێندێک شوێن هەیە کە تێیاندا نەوتی عێراق تێکەڵ بە نەوتی وڵاتانی دراوسێ دەکرێت و بە قاچاغ دەفرۆشرێت ناڕاستە و هیچ جۆرە تێکەڵکردنێکی نەوتی قاچاغ لە بەندەرەکانی عێراق و لە ناو سنووری عێراقدا ئەنجام نادرێت".
ئەمریکا لە مانگی حوزەیراندا تۆڕێکی عێراقیی بە تۆمەتی بەقاچاغبردنی نەوتی ئێران و تێکەڵکردنی لەگەڵ نەوتی عێراق و دواتر فرۆشتنی لە بازاڕە جیهانهییەکان، خستە لیستەی گەمارۆکانەوە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دەڵێ ئەم تۆڕە عێراقییە بە بەهای چەندین ملارد دۆلار نەوتی ئێرانیان بە ناوی نەوتی عێراقەوە، لە بازاڕە جیهانییەکان فرۆشتووە.
بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ لەمبارەوەیە ڕایگەیاند: "هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی، هیچ جۆرە بەڵگەنامەیەکی بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانە نەخستووەتە ڕوو و ئەم نیگەرانییانە بێبنەمان و هیچ پشتیوانییەکی زانستییان نییە".
عەلی نزار گوتیشی ئەو بەڵگەنامانەی پێشتر بڵاو کراونەتەوە پەیوەندییان بە دابینکردنی دارایی و گواستنەوەی پارەوە هەبووە نەک گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەرگاکانی عێراق و تێکەڵکردنیان بە نەوتی عێراق و هەناردەکردنەوەیان بە ناوی عێراقەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.