حکوومەتی خۆجێیی هەولێر ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە پڕۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری دەگۆڕدرێت بۆ سیستەمی کارت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێکخستنەوەی پڕۆسەکە و باشترکردنی دابەشکردنی سووتەمەنی بەسەر هاووڵاتییاندا. بڕیارەکە بە پشتبەستن بە سیستەمی کارتی غاز جێبەجێ دەکرێت تاوەکو ڕێگری لە قەرەباڵغی و دروستبوونی سەرە بگرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵ دەدەن ژمارەی ئەو بەنزینخانانە زیاد بکەن کە بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی دابەش دەکەن. هەروەها ڕایگەیاند کە بۆ ئەم قۆناغە، شۆفێرانی تەکسی بە شێوەیەکی جیاواز سوودمەند دەبن، بە جۆرێک کە بەنزینخانەی تایبەتیان بۆ دیاری دەکرێت و بڕی زیاتری بەنزینیشیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی کارەکانیان پەک نەکەوێت.
پڕۆسەی دابەشکردنی بەنزینی حکوومی لە هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی باری دارایی هاووڵاتییانە لە سایەی بەرزیی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا. حکوومەت پێشتریش چەندین ڕێکاری بۆ ڕێکخستنەوەی ئەم پڕۆسەیە گرتبووە بەر، بەڵام زۆریی خواست و قەرەباڵغیی بەردەوام وایکردووە پەنا بۆ سیستەمی کارت ببرێت، تاوەکو دڵنیایی بدرێت لەوەی سووتەمەنییەکە بە یەکسانی بەسەر هەموو ئەو شۆفێرانەدا دابەش دەبێت کە مافی وەرگرتنیان هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.