سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بڕیاری کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵی غەزەی بە هەڵە زانی و داوای لە حکومەتی نەتانیاهۆ کرد کە بەم بڕیارەدا بچێتەوە.
کیەر ستارمەر لە کاردانەوە بەرانبەر بە بڕیاری کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل سەبارەت بە کۆنترۆڵی تەواوی غەزە ڕایگەیاند: "ئەم هەنگاوە هیچ یارمەتییەک بە کۆتاییهاتنی ئەم ململانێیە یان ئازادکردنی بارمتەکان نادات. ئەم کارە تەنها خوێنڕشتنی زیاتری لێ دەکەوێتەوە".
بە گوتەی ستارمەر: «هەموو ڕۆژێک قەیرانی مرۆیی لە غەززە خراپتر دەبێت و بارمتەکانی حەماس لە دۆخێکی ترسناک و نامرۆڤانەدا ڕاگیراون. ئەوەی پێویستمانە بریتییە لە ئاگربەست، زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان، ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و چارەسەرێک لە ڕێگەی دانوستانەوە".
سەرۆکوەزیرانی بریتانیا جەختیشی کردەوە "حەماس ناتوانێت هیچ ڕۆڵێکی لە داهاتووی غەززەدا هەبێت و پێویستە ئەوێ جێبهێڵێت و هەروەها چەک بکرێت".
گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان، کار لەسەر پلانێکی درێژخایەن دەکەین بۆ دابینکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا وەک بەشێک لە چارەسەری دوو دەوڵەتی و لە کۆتاییدا گەیشتن بە داهاتوویەکی گەشتر بۆ فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان. بەڵام بەبێ نیازپاکیی هەردوو لا بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکاندا، ئەم ئاسۆیە لەبەرچاوماندا کاڵ دەبێتەوە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.