بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند ڕاوەستانی چاپی پاسپۆرت لە نووسینگەی دووی پاسپۆرتی هەولێر بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکی بووە و لە ماوەی کەمتر لە 6 کاتژمێردا کێشەکە چارەسەر کراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە 7ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەو دەنگۆکانەی ڕەت کردەوە کە باسیان لەوە دەکرد بە هۆکاری چوونی جرج بۆ ناو ئامێری چاپ، کاری چاپی پاسپۆرت لە نووسینگەی دووی پاسپۆرتی هەولێر وەستاوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "دەمانەوێت هەموو لایەک ئاگاداربکەینەوە کە ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستی و کێشەکە تەکنیکی بووە و لە کەمتر لە ٦ کاتژمێر چارسەر کراوە و گشت پاسپۆرتەکان چاپ کراون."
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر هاووڵاتیانی ئاگادار کردووەتەوە ئەوانەی لە ٤٨ کاتژمێری رابردوودا بەمەبەستی ئەنجامدانی مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت سەردانی نووسینگەی دووی پاسپۆرتی هەولێریان کردبوو بەڵام بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی کاری چاپکردنی پاسپۆرتەکەیان وەستابوو، دەتوانن ئەمرۆ تاوەکوو کاتژمێر ٦ ئێوارە دەتوانن پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.