لە نزیک گوندی دیهیکێ لە دەڤەری ئامێدی گۆڕێکی بەکۆمەڵی شەهیدانی ئەنفال هەڵدرایەوە و بڕیارە 7 ڕووفاتی ناو ئەم گۆڕە بەکۆمەڵە بگوازرێنەوە بۆ مۆنیۆمێنتێکی تایبەت لە گوندی مێرگەتی.
ڕەجەب گیزی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی ئامێدی بە هێرش ئیسکان پەیامنێری کوردستان تیڤیی ڕاگەیاند: رووفاتی 7 ئەنفالکراوی گوندی مێرگەتی کە لە ساڵی 1988 لە لایەن ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە ئەنفال کرابوون، لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدایە کە لە گوندی دیهیکێ هەڵدراوەتەوە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی ئامێدی ئاشکراشی کرد، ئێستا هەر حەوت ڕووفاتەکە بۆ پزیشکی دادی دهۆک گوازراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد لەسەر داخوازیی کەسوکاری ئەو ئەنفالکراوانە، مۆنیۆمێنتێک لە گوندەکەیان واتا گوندی مێرگەتی دروست دەکرێ و لە ڕۆژانەی 26 یا 28ی ئەم مانگە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا رووفاتی ئەو 7 شەهدە ئەنفالکراوە بۆ مۆنیۆمۆنتەکە دەگوازرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.