Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 21:54

ئاگرێكی گه‌وره‌ دارستانه‌كانی باشووری فه‌ره‌نسای گرتووه‌ته‌وه‌ و قوربانی هه‌یه‌

کوردستان TV
100%

بەرپرسانی فەرەنسا رایانگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی باشووری فەرەنسا نزیکەی 12 هەزار هێکتار زەوی لەناوچوون، جگه‌ له‌وه‌ تا ئێستا ئافره‌تێك  گیانی لەدەستداوه‌ و لانیکەم نۆ کەسیش برینداربوون.

 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 6ی ئاب، ئاژانسی هه‌واڵی " فرانس پرێس " بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئاگرەکە به‌ به‌هێزی ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌ به‌هۆی له‌باری ئاڕاسته‌ی با و كه‌شوهه‌وای ناوچه‌كه‌، به‌هۆیه‌وه‌ 25 ماڵ لە پارێزگای "ئاودێ" ته‌واو وێران بوونه‌.

 میدیاكانی فه‌ره‌نسا بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، هەزار و 800 تیمی ئاگرکوژێنەوە بە پشتیوانی فڕۆکەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هه‌وڵی بێ وچانی  بەرەنگاربوونەوەی ئاگرەکە دانه‌.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: به‌هۆی تینی زۆری ئاگره‌كه‌ حەوت كارمه‌ندی تیمی ئاگرکوژێنەوە بریندار بوونه‌، دوو کەسیان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، هاوکات کەسێکیش بێسەروشوێنە.

لوسی ڕۆش، ئەمینداری گشتیی ناوچەی ئاودە له‌ باشووری فه‌ره‌نسا دەڵێت: ئاگرەکە لە ناوچەیەکدا پێشڕەوی دەکات کە هەموو بارودۆخەکان گونجاون بۆ ئەوەی پێشڕەوی بکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، چاودێری لێوارەکانی ئاگرەکە و کۆتایی دواوەی دەکەین بۆ ئەوەی ئاگری نوێ دروست نه‌بێته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌رگریی شارستانی نیشتیمانیی فه‌ره‌نسا ده‌ڵێت: کەمپێک و گوندێک له‌ پارێزگای ئاودێ به‌ ته‌واوی‌ چۆڵکراوون، هاوکات چەند رێگایەکی ناوخۆیش له‌ ناوچه‌كه‌ داخراون.

لای خۆیه‌وه‌، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تویتەر" جەختی لەوە کردەوە، هەموو تواناکانی وڵاتەکە کۆکراونەتەوە بۆ ئه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ به‌ زوویی كۆنتڕۆل بكه‌ن و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش بپارێزن.  

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.