ئەمڕۆ سێشممە شەدراك یووسف ئەستێرەی تۆپی پێی عێراق لە ساڵانی شەست و حەفتاكانی سەدەی رابردوو و هەروەها كۆمێنتاری بەناوبانگی عێراقی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 83 ساڵی كۆچی دوایی كرد.
شەدراك یووسف لە ساڵی 1942 لە خێزانێكی كریستیان لە شاری حەبانیە لەدایكبووە، لەنێوان ساڵانی 1965 تا 1973 لە ریزی هەڵبژاردەی یەكەمی تۆپی پێی عێراق لە هێڵی ناوەڕاست یاریی كردووە و بەشداریی لە 31 یاریی نێودەوڵەتیدا كردووە و دوو گۆڵیشی تۆمار كردووە.
شەدراك یووسف رۆلی گرنگی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق گێڕابوو لە بەدەستهێنانی جامی عەرەب لە هەردوو ساڵی 1964 و 1966، هەروەها لە گەیشتن بە یارییەكانی كۆتایی جامی ئاسیا لە ساڵی 1972.
بەهۆی ئەو ئاستەی لە جامی عەرەب لە ساڵی 1966 پێشكەشی كردبوو، شەدراك خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانیەتییەكەی پێدرابوو.
دوای وازهێنانی لە یاریكردن لە ساڵی 1975، شەدراك یووسف رووی كردبووە بواری راهێنەرایەتی و لەو ماوەیەدا ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئافرەتانی عێراق و هەروەها چەند یانەیەكی پێ سپێردرابوو.
شەدراك یووسف لە ساڵی 1979 رووی كردبووە بواری كۆمێنتاری یارییەكان و بەیەكێك لە بەناوبانگترین كۆمێنتارە عێراقییەكان لە مێژووی تۆپی پێی عێراق دادەنرێت.
شەدراك یووسف لە چەند ساڵی رابردوودا دووچاری كێشەی تەندروستی ببوو و بەو هۆیەوە لە ساڵی 2022 لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر نەشتەرگەرییەكی گەورەی بۆ ئەنجامدرابوو.
شەدراك یووسف سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە تەمەنی 83 ساڵیدا هەر بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد و ماڵئاوایی یەكجاری لە وەرزشوانانی عێراق و ناوچەكە كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.