راپۆرتەكان لە بەسڕە دەری دەخەن كە ئاوی پیسی پارێزگاكە بەشێوەیەكی بەرچاو رێژەكەی زیادی كردووە و بەو هۆیەوە سەدان حاڵەتی نەخۆشییەكانی پەڵەی پێست تۆماركراون، داواش لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەكرێت بەپەلە بێتەسەر خەت و چارەسەر بۆ دۆخەكە بدۆزێتەوە.
عەلی عەبادی سەرۆكی ناوەندیی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت: بەهۆی خراپی ئاوی خواردنەوە و بەكارهێنان لە پارێزگەی بەسڕە، سەدان حاڵەتی نەخۆشی پەڵەی پێست لە نەخۆشخانەكان تۆماركراون، بەشێك لە نەخۆشەكانیش منداڵانن.
راشیگەیاند: حكوومەت لە پڕۆسەی پاككردنەوەی ئاوی خواردنەوە تەنیا ماددەی كلۆر و چەند تەكنیكێكی سادە بەكاردەهێنێت، بەكارهێنانی ئەم ماددە و تەكنیكانە نابنە هۆی ئەوەی ئاوەكە بەتەواوی خاوێن بێتەوە، بۆیە ئێستا لە نەخۆشخانەكان سەدان نەخۆشییەكانی پێست و دروستبوونی پەڵە تۆماركراون.
هەروەها رایگەیاند: پێویستە حكوومەت چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ئاوی خواردنەوەی بەسڕە بدۆزێتەوە، چونكە ئەو پڕۆژە چارەسەرییە ستراتیژییانەی كە دیاریكراون ماوەیەكی زۆر دەخایەنن كە بەشێكیان ماوەی 5 ساڵی دیكە تەواو دەبن.
سەرۆكی ناوەندیی عێراق بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە دا كە جگە لە خراپی ئاوی خواردنەوە، لە بەسڕە هەروەها كێشەی كەمئاویش لە گەڕەكەكان زۆرە، بەشێوەیەكی گشتی عێراق لە بابەتی ئاو بە دۆخێكدا تێپەڕ دەبێت كە لە ساڵی 1930ـەوە هاوشێوەی نەبووە.
عەلی عەبادی داواشی لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی كرد، بەپەلە بێتەسەر خەت، چونكە كێشەی ئاوی خواردنەوە تەنیا بە حكوومەتی عێراق چارەسەر نابێت و پێویستی بە هەڵمەتێك لەسەر ئاستی جیهان هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.