ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە دوای مشتومڕێکی زۆر، بە پشتیوانی دۆناڵد ترەمپ، دادوەری گشتیی واشنتن دی سی لە ناوچەی کۆلۆمبیای دەستنیشان کرد.
ڕۆژی یەکشەممە، 3ـی ئاب، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، دامەزراندنی دادوەر و پێشکەشکاری پێشووی کەناڵی فۆکس نیوز، جانین پیرۆی، لە پۆستی داواکاری گشتیی ناوچەی کۆڵۆمبیا پەسند کرد، کە یەکێکە لە پۆستە هەرە باڵاکانی بواری دادوەری لە وڵاتەکەدا.
پرۆسەی پەسندکردنەکە بە جیاوازییەکی کەمی 50 دەنگ بەرامبەر 45 دەنگ سەرکەوتوو بوو. ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، گوشاری خستبووە سەر ئەنجومەنی پیران کە کۆمارییەکان تێیدا باڵادەستن، بۆ ئەوەی دەنگدانەکە بەپەلە لە پشووی کۆتایی هەفتەدا بکرێت.
جانین پیرۆی، تەمەن 74 ساڵ، کە بە ڕەچەڵەک لوبنانییە، لە مانگی ئایاری ڕابردوودا لەلایەن ترەمپەوە بە شێوەیەکی کاتی بۆ هەمان پۆست دانرابوو. ترەمپ پێشتر پیرۆی بە ''ئافرەتێکی بێوێنە'' وەسف کردبوو و بەم دامەزراندنە، پیرۆ دەچێتە پاڵ ئەو کەسایەتییە میدیاییانەی دیکە کە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا پۆستیان وەرگرت.
دامەزراندنی پیرۆ وەک درێژکراوەی ئەو ڕێچکەیە سەیر دەکرێت کە ترەمپ گرتبوویە بەر لە دانانی کەسایەتییە میدیاییەکان لە پۆستە حکومییەکاندا، هاوشێوەی پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری و شۆن دافی، وەزیری گواستنەوە، کە هەردووکیان پێشتر کاری میدیاییان کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.