فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی ئیداره‌ی سۆران، له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به سوتانی زبڵخانه‌ی سۆران رایگه‌یاند، رۆژانه نزیكه‌ی 350 تۆن پاشماوه له سنووره‌كه فڕێده‌درێن كه زیانی گه‌وره‌ی بۆ ژینگە هه‌یه. هاوكات ئاماژه‌ی به هه‌نگاوه‌كانی دروستكردنی كارگه‌یه‌كی ریسایكلین و كێشه‌ی نه‌بوونی داتای فه‌رمی له‌سه‌ر پیسبوونی هه‌وا كرد.
ئەمڕۆ شەممە 2ـی ئابی 2025، دوای ڕووداوی سوتانی زبڵخانه‌ی سۆران، فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ورده‌كارییه‌كانی كێشه‌ی پاشماوه‌كان و هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی خسته‌ڕوو.
به‌پێی روونكردنه‌وه‌كه، له ئیداره‌ی سۆران به گشتی رۆژانه نزیكه‌ی 350 تۆن پاشماوه‌ی جۆراوجۆر فڕێده‌درێن، كه به‌هۆی نه‌بوونی كارگه‌ی شیاو، زۆرینه‌یان ریسایكل ناكرێنه‌وه و به شێوازی نازانستی ده‌سوتێنرێن یان تێكه‌ڵ به خاك و ئاو ده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی پیسبوونی ژینگه به‌تایبه‌ت هه‌وا، خاك و سه‌رچاوه‌كانی ئاو.
فه‌رمانگه‌ی ژینگه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه كه تا ئێستا له هه‌رێمی كوردستان ئامار و داتای پێوانەیی ورد سه‌باره‌ت به رێژه‌ی پیسبوونی هه‌وا بوونی نییه، بۆیه كاتێك پێوه‌ره جیهانییه‌كان هۆشداری ده‌ده‌ن، ناتوانرێت به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و فه‌رمی وه‌ڵام بدرێته‌وه.
هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌ركی فه‌رمانگه‌كه‌یان كۆكردنه‌وه‌ی زبڵ و خاشاك نییه، به‌ڵكو كاركردنه له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی ژینگه‌یی و ئاگاداركردنه‌وه‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له مه‌ترسییه‌كانی شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی ناته‌ندروست له‌گه‌ڵ پاشماوه‌كان.
سه‌باره‌ت به پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ریی بنه‌ڕه‌تی، فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی سۆران رایگه‌یاندووه كه له رێكه‌وتی 15/10/2024 به‌ردی بناغه‌ی كارگه‌یه‌كی ریسایكلین به گوژمه‌ی 24 ملیار دینار له‌سه‌ر رووبه‌ری 125 هه‌زار مه‌تر دووجا دانراوه. به‌ڵام به‌هۆی نه‌گونجاوی شوێنه‌كه‌ی و نزیكی له سه‌رچاوه ئاوییه‌كان، شوێنی كارگه‌كه گۆڕدراوه و ئێستا كار له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی رێگا بۆ شوێنه نوێیه‌كه ده‌كرێت تا ده‌ست به جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه بكرێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه، كه گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە مەرجەكانی گرێبەستی كۆمپانیاكانی پاككردنه‌وه‌دا كراوه و پێداچوونەوەی بۆ كراوە، به‌شێوه‌یه‌ك كه له به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و ژینگه‌ی كوردستاندا بێت، نه‌ك ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمپانیاكان.
له كۆتایی روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئه‌و ئامێرانه‌ی له فه‌رمانگه‌كه‌یان بۆ پێوانه‌كردنی كوالێتی هه‌وا دانراون، پیسکه‌ره كیمیایی و گه‌ردیله‌ییه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، نه‌ك دووكه‌ڵی بینراو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.