Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 06:58

خۆپیشانده‌رانی سوه‌یدا داوای ده‌رچوونی چه‌كدارانی حكوومه‌تی كاتیی سووریا ده‌كه‌ن

کوردستان TV
100%

سەدان کەس لە دانیشتووانی پارێزگای سویدا لە باشووری سووریا کە زۆرینەی دروزی تێدایە، ئه‌مڕۆ هەینی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان کرد چەکدارەکانی حكوومه‌تی كاتیی سووریا لە ناوچەکە بکشێنێتەوە و "گەمارۆ" هەڵبوەشێنێتەوە.

 

بە پێی راپۆرتی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ و پەیامنێری ئاژانسی "فرانس پرێس"، پارێزگای سویدا سەرەڕای ئاگربەستێک کە لە 20ی تەمموزەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، شایەتی بارودۆخی مرۆیی ناخۆشی بەخۆیەوە بینیووه‌، ئاگربەستەکە هەفتەیەک کۆتایی بە پێکدادانەکان هێنا کە لە نێوان چەکدارانی دروز و چەکدارانی بەدەویدا سەریهەڵدا بوو.

 بەپێی ئامارەکانی روانگەی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو:  زیادبوونی گرژی و توندوتیژییەكان له‌ ماوه‌ی رابردوودا تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 کەس کە زۆرینەیان دروز بوون گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هەروەها 176 هەزار کەسیش لە ماڵوحاڵی خۆیان ئاوارەبوونه‌.

ئاژانسی "فرانس پریس" بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مرۆ هه‌ینی 1ی ئاب، لە گۆڕەپانی کەرەمە لە ناوەندی شاری سویدە، دەیان خۆپیشاندەر لە نێویاندا چالاكوان و ژن و منداڵی تێدا بووه‌، به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی جیاواز ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیووه‌ و داوای هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیه‌یان كردووه‌ کە بەسەر پارێزگای سویدا دا سەپێنراوە و داوایان كردووه‌، هه‌رچی زووه‌ هێزەکانی سه‌ر به‌ حکوومەت لە سەرجەم گوندەکانی ئەو پارێزگایە بكشێنه‌وه‌.  

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی فرانس پرێس، خۆپیشاندەران تابلۆکانیان بە چەند زمانێک بەرزکردووه‌ته‌وه‌، هەندێکیان لەسەریان نووسرابوو "سوەیدا لەژێر گەمارۆدایە" و "گەمارۆی منداڵان هەڵبگرن". تابلۆکانی دیکەش داوای کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆییان بۆ سوه‌یدا كردووه‌.

جێی باسه‌ ، رێگای سەرەکی کە سویدا بە دیمەشقەوە دەبەستێتەوە تا ئێستاش پچڕاوە و گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی كاتیی سووریا رێگری لە هاتوچۆ دەکەن و رێگری لە دەستپێکردنەوەی چالاکییە بازرگانییەکان دەکەن به‌ پاساوی گه‌رانه‌وه‌ی سه‌قامگیریی بۆ ئه‌و پارێزگایه‌.

لای خۆیه‌وه‌، نورەدین ئەلبابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حكوومه‌تی كاتیی سووریا، لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندووه‌، ئەگەر گەمارۆیەک بەسەر سویدا دا سەپێنرابا، لە پلەی یەکەمدا کاروانی یارمەتییە مرۆییەکان نەدەچوونە ناوی.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.