دەسەڵاتدارانی ویلایەتی نیمرووزی ئەفغانستان ڕایانگەیاند 150 تانکەری نەوتی ئێران کە لە پشکنینەکان دەرنەچوون و کوالێتییان زۆر خراپ بووە گەڕێنراونەتەوە بۆ ئێران.
ئاژانسی "سەریع"ی ئەفغانستان لەسەر زاری "رەحیموڵڵا ساجد" گوتەبێژی والیی نیمرووز ڕایگەیاند: "لە کۆی 250 تانکەر نەوت کە لە ئێرانەوە هاوردە کرابوون، 153 تانکەر لە پشکنینەکان فەرمانگەی کوالێتی و ستانداردی ئەفغانستان دەرنەچوون و مەرجەکانی هاوردەکردنیان تێدا نەبووە هەر بۆیە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەڕێنراونەتەوە بۆ ئێران".
ساجد ڕایگەیاند: "ئەم نەوتە کوالێتیی خراپ بووە و زیانی بۆ تەندروستیی هاووڵاتیانی ئەفغانستان و ئابووری و ژینگەی وڵاتەکە دەبێت". جەختیشی کردووەتەوە "ئیدارەی ویلایەتی نیمرووز سەبارەت بە هاوردەکردنی کەلوپەلی بێ کوالێتی سیاسەتێکی توندی هەیە و ڕێگا بە هیچ کەس و دامەزراوەیەک نادات، کەلوپەلی ناستاندارد هاوردە بکات. هەر بۆیەش هەموو ئەو کەلوپەلانەی پێوەرە پێویستەکانیان تێدا نەبێت دەگەڕێنرێنەوە".
گوتەبێژی والیی نیمرووز راشیگەیاندووە پشکنین بۆ نەوتی 97 تانکەرەکەی دیکەش بەردەوامە و ئەگەر ئەوانیش لە پشکنین دەرنەچن، دەیانگەڕێننەوە بۆ ئێران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.