Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 20:50

ئەنجوومەنی وەزیران: هەرێمی كوردستان پابەندە بە جێبەجێكردنی سەرجەم خاڵەكانی لێكتێگەیشتنەكەی لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی

کوردستان TV
100%

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پرسی مووچە و هەناردەكردنی نەوت تاوتوێ كرا، جەخت لەوە كرایەوە كە هەرێمی كوردستان پابەندە جێبەجێكردنی سەرجەم خاڵەكانی لێكتێگەیشتنەكەی لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی، لەبەرامبەریشدا پێویستە مووچەی مانگەكانی حوزەیران و تەمووز خەرج بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تاوتوێکردنی دوا هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران و تەمموزی 2025 بوو لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و بە دواداچوونی کاری لیژنە هاوبەشەکانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بە پێی دوا بڕیاری هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم.

سەرەتا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێکی لەسەر پۆلێنكردنی داهاتە گشتیيەکان لە هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی جۆری داهات و سەرچاوەکەی و بنەمای یاسایی وەرگرتنی خستەڕوو، کە مانگانە بە شێوازێکی ڕوون و شەفافانە لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، پێشکەشی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە و بە بەردەوامیش لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری داراییشی وردبینی بۆ کراوە.

وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە دا کە نوێنەرەکانی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی هاوبەشی هەردوولا بۆ پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لەم داهاتانە، هاوکار بوون لە سەرخستنی کاری لیژنەکە و پشتبەست بە دەستوور و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی و یاسای بودجەی سێ ساڵە بە وردیی پێشنیاری هەرێمیان لەمبارەیەوە ئامادە کردووە.

وەزیری دارایی و ئابووری ڕوونی کردەوە کە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فيدراڵ کراوە و ئەرکی وەزارەتی دارایی عێراقە کە لە بەرامبەردا، مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.

ئەنجوومەنی وەزیران دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و تيمی دیوانی چاودێری دارایی و دانوستان لەگەڵ بەغدا کرد بۆ ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و هەوڵ و کارکردنیان لەمبارەیەوە. هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران ئەو تێڕوانینەی وەزارەتی پەسەندکرد سەبارەت بە پۆلێنکردنی داهاتەکان لە چوارچێوەی ئەو دەقە دەستووریی و یاساییانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو. نوێنەرانی هەرێمی کوردستانيشی لە لیژنە هاوبەشەکە لەگەل حکوومەتی فیدڕاڵ ڕاسپارد کە گفتوگۆی ئەم تێڕوانینە لەگەڵ هاوتاکانیان لە لیژنەکە بکەن، تا وەکوو لە نزیکترین دەرفەتدا دۆسیەی داهاتی نانەوتی یەکلایی ببێتەوە بە گوێرەی ئەو ڕێکارە هاوبەشەی لە بڕیاری هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و فیدڕاڵدا هاتووە.

پاشان کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە بەر ڕۆشنایی دوا بڕیاری هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم خستەڕوو.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیای نەوتی بەرهەمهێنەری ئەو بڕە نەوتە دەگرێتە ئەستۆ کە بە گوێرەی بڕیاری هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم بۆ مەبەستەکانی بەکارهێنانی ناوخۆ لە هەرێم، تەرخان کراوە، ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردە و لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکان بەرهەم دەهێنرێت، ڕادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) دەکرێت بەمەبەستی هەناردەکردنی لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لەسەر پابەندبوون بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا و هەر لەم چوارچێوەیەش، دەبێت حکوومەتی فیدڕاڵ مووچەی مانگی حوزەیران و دواتریش مانگی تەمموز خەرج بکات هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، چونکە هەرێم پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەوەی لەسەری بووە لەبارەی دۆسیەی نەوت و داهاتی نا نەوتی و حکوومەتی هەرێم پیشتیوانی سەرخستنی لەیەکگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولایە کە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا پەسەند کراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.