سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند لە شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، عێراق 29 هەوڵ بۆ هەڵدانی مووشەک و درۆن لە ناو خاکی عێراقی پووچەڵ کردەوە.
محەممەد شیاع سوودانی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئاسۆشیتێدپرێس هەوڵەکانی بەغدا بۆ ڕێگری لە تێوەگلان لە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند 29 هەوڵی هەڵدانی درۆن و مووشەک لە ناو خاکی عێراقیان پووچەڵ کردووەتەوە.
سوودانی نیگەرانیی خۆی لە ناسەقامگیربوونی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەربڕی و جەختیشی کردەوە عێراق بۆ دووبارە نەبوونەوەی شەڕەکە هیوای بە هەوڵەکانی ئەمریکا هەیە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە لە مانگی ڕابردوودا، هێزە میلیشیاکانی عێراق چەندین جار بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان و بوونە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان. ئەمەش ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی نێودەوڵەتیی لێ کەوتووەتەوە. بەڵام تا ئێستا بکەرانی ئەم هێرشانە ئاشکرا نەکراون و حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە ڕێگا لە بەردەوامبوونی هێرشەکان بگرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.