بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە قەزای سەیدسادق تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە هەوڵی دابوو جانتای ئافرەتێک بڕفێنێت. پۆلیس ئاماژە بەوە دەکات کە تۆمەتبارەکە لە ڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە ناسراوەتەوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی گەیشتە دەست نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق، کە تێیدا ماتۆڕسوارێک هەوڵی ڕفاندنی جانتای ئافرەتێک دەدات، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری تایبەتمەند، توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت".
پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشی کردووە کە تۆمەتبارەکە ناوی (م، ع، ل)ـە و لەدایکبووی ساڵی 2000ـە. لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.