وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕەخنەی لە سیاسەتی بەفەرمیناسینی دەوڵەتی فەلەستین لە لایەن وڵاتانی ئەورووپییەوە گرت و ڕایگەیاند ئێمە ڕێگا نادەین دەوڵەتێکی تیرۆریستی جیهادی لەناو دڵی وڵاتەکەماندا دروست بێت.
رۆژی سێشەممە 29ی تەمووزی 2025، گیدعون ساعیر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین گوتی: "ئێمە دەزانین وڵاتانی ئەورووپا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی موسڵمانیان هەیە و هێندێک جار ئەم بابەتە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی حکوومەتەکانیان دەبێت. بەڵام ئەمە ناتوانێ ئیسرائیل ناچار بە خۆکوژی بکات"
جەختیشی کردەوە: "ئێمە ڕێگا نادەین دەوڵەتێکی تیرۆریستی جیهادی لە ناو دڵی وڵاتی مێژووییمان دامەزرێ. ئێمە ڕێگا نادەین دەوڵەتی تیرۆریستیی حەماس تەنیا چەند کیلۆمەتر دوورتر لە کۆمەڵگاکانی نشتەجێبوونمان دامەزرێ".
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە ئاماژەکردن بەوەی ئیسرائیل نابێتە چیک و سلۆڤاکیای سەدەی 21 و بوونیان ناکەنە قوربانیی سیاسەتی سازان، گوتی:" ئێمە بوونی خۆمان ناکەینە قوربانیی سیاسەتی ناوخۆی ئەو وڵاتانەی کۆنترۆڵی شەقامەکانیان لەدەست داوە بەڵام هێشتا بە خۆبەزلزانییەوە بیر لەوە دەکەنەوە چ شتێک بۆ ئاسایشی ئێمە باشترە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.