بە گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی دیکەی ئیسرائیلی کە بە هۆی هێرشی مووشەکیی ئێران لە شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا بریندار ببوو، ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل لەم شەڕە گەیشتە 31 کەس.
رۆژی سێشەممە29ی تەمووزی 2025، ڕۆژنامەی هائارێتس ڕایگەیاند پیاوێکی تەمەن 85 ساڵ کە 45 ڕۆژ بوو لە نەخۆشخانەی "کەپلان"ی شاری "رحووت" خەوێنرابوو، شەوی ڕابردوو گیانی لەدەست داوە. بەم شێوەیەش ژمارەی ئەو ئیسرائیلییانەی لە شەڕی 12 ڕۆژەدا بە مووشەکەکانی ئیسرائیل کوژراون گەیشتووەتە 31 کەس.
ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە شاری رحووت، لە کاتی شەڕی 12 ڕۆژەدا مووشەکێکی ئێرانیی بەرکەوت و هێزەکانی فریاکەوتنی ئیسرائیل لە ژێر دار و پەردووی داڕمای خانووەکەی دەریانکێشا و گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانە.
پەرستارێکی خەڵکی فلیپینیش کە لە شاری رحووت، ئاگای لە ژن و مێردێکی ئسیرائیلی بوو، حەفتەی پێشوو بە هۆی قووڵیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دابوو.
بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل دەڵێن سەرجەم ئەو کەسانەی بە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران کوژراون، هاووڵاتیی مەدەنی بوون.
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی ئیسرائیل، لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا، ئێران بە گشتی لە 42 هێرشدا 533 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئسیرائیل توانی 86٪ی ئەم مووشەکانە بخانە خوارەوە. 36 مووشەکیش چەند بینای نشتەجێبوون، پاڵاوگەی حەیفا و دامەزراوەی زانستیی وایزمەنیان پێکا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.