بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو شەپۆلی گەرمایەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردبوو، لە سبەی چوارشەممەوە کۆتایی دێت و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. هاوکات ئەمڕۆ بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان دەگاتە 49 پلە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: کاریگەریی شەپۆلی گەرماکە بەردەوام دەبێت و پلەی گەرما بە بەرزی دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم، بەرزترین پلەی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکان لە سەرووی 45 پلەی سیلیزی، لە ناوچە شاخاوییەکان نزیکەی 42 پلە و لە ئیدارەی گەرمیان دەگاتە نزیکەی 49 پلەی سیلیزی.
کەشناسیی هەرێم ئاماژە بەوەش دەکات کە لە سبەی چوارشەممەوە، کاریگەریی شەپۆلەکە نامێنێت و پلەی گەرما بە ڕێژەی (3 بۆ 6) پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی خۆیان لەم وەرزەدا.
هەروەها ڕوونیکردووەتەوە کە تاوەکوو ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، هیچ شەپۆلێکی دیکەی گەرما پێشبینی ناکرێت ڕوو لە ناوچەکە بکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.