بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی جووتسایدی سەرەکیی گەڕەکی ژین دەستی پێ کردووەتەوە و بڕیارە پێش وەرزی زستان تەواو بکرێت و بە ڕووی هاتوچۆدا بکرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی تەمووز، مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، بە دیجیتاڵ میدیای "کوردستان تیڤی" راگەیاند، هۆکاری ڕاوەستانی کارکردن لە پڕۆژەی جووتسایدی سەرەکیی گەڕەکی ژین بۆ نەبوونی پارەی پێویست لەلایەن بەڵێندەری پڕۆژەکەوە بووە.
مەریوان حاکم هادی ڕایگەیاند: "لە هەفتەی ڕابردوودا بەشێک لە کێشە داراییەکانی بەڵێندەری پڕۆژەکە چارەسەر کرا و ئەمڕۆ دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە، هەروەها بەڵێنیان داوە لە کارکردن بەردەوام بن تاوەکو تەواوبوونی پڕۆژەکە".
سەبارەت بە وادەی تەواوبوونی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر گوتی: "وا بڕیارە پێش هاتنی وەرزی زستان و لە مانگی تشرینی دووەم "مانگی 11"ـی ئەمساڵ، کارەکان بەکۆتا بگەن و شەقامەکە بە ڕووی شۆفێران و هاووڵاتییاندا بکرێتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.