وەزیری دەرەوەی ئێران لە وڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە هێرشی دووبارەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هۆشداریی دا ئەگەر هێرشێکی دیکە بکرێتە سەر وڵاتەکەی، کاردانەوەیەکی وەها توندیان دەبێت کە ئەمریکییەکان نەتوانن بیشارنەوە.
رۆژی سێشەممە 29ی تەمووزی 2025، عەباس عێراقچی لە نووسینێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: "بۆردومانی ئەم دواییەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران سەلماندی، کێشەکە رێگەچارەی سەربازیی نییە بەڵام رەنگە ڕێگەچارەیەک کە بە دانوستان هاتبێتە ئاراوە، کاریگەر بێت".
بە گوتەی عێراقچی: "ئێران دەزانێ لە ماوەی دەستدرێژیی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئێمە چیمان بەسەر هاتووە و دوژمنانیشمان چییان بەسەر هاتووە؛ لەوانەش ئەو زەبرانەی دەیشارنە و سانسۆری دەکەن".
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریشی داوە ئەگەر دیسان هێرش بکرێتەوە سەر وڵاتەکەی، بە جۆرێک وڵام دەدەنەوە کە هێرشبەران نەتوانن سانسۆری بکەن و بیشارنەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە لە دیدرێکدا لەگەل سەرۆکوەزیرانی بریتانیا هەڕەشەی کرد ئەگەر ئێران دەست بکاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەمریکا بە خێرایی و بە ئاشکرا هێرش دەکاتەوە سەر ئەم وڵاتە.
ترەمپ بە ئاماژەکردن بەوەی جاری پێشوو بە خۆشحاڵی و بە ئاشکرا بڕیاری هێرشەکەی داوە گوتیشی: "ئێرانییەکان خەریکن پەیامی زۆر خراپ و ناشیرین دەنێرن. ئێمە بەرنامەی ئەتۆمیی ئەوانمان لەناو بردووە. دەتوانن دیسان دەست پێ بکەنەوە، بەڵام ئەگەر ئەم کارە بکەن، ئێمە خێراتر لە جووڵەی پەنجەیەک لەناویان دەبەین و ئەم کارەش بە ئاشکرا دەکەین".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.