بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، بەپێی نووسراوێکی نوێی وەزارەتی ناوخۆ، ئەو هاووڵاتییانەی کە دواکەوتنی مامەڵەکانیان بەهۆی کارەکانی فەرمانگە حکوومییەکانەوەیە، لە سزای دواکەوتن دەبەخشرێن و هیچ پێبژاردنێکیان لێ وەرناگیرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاگاداریی هاووڵاتییانی کردەوە سەبارەت بە میکانیزمی لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گرێبەستی ئەلیکترۆنیی ئۆتۆمبێل.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا کە ئاماژە بە نووسراوی ژمارە (22515)ــی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 24ـی تەمووزی 2025 دەکات، دوو خاڵ ڕوون کراونەتەوە:
1.هەر هاووڵاتییەک کە زیاتر لە 60 ڕۆژ بەسەر تۆمارکردنی مامەڵەکەیدا (وەرگرتنی پسووڵە) تێپەڕ بووبێت، ئەگەر هۆکاری دواکەوتنەکە پەیوەندی بە کارەکانی وەزارەتی ناوخۆ یان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆوە هەبێت، ئەوا هیچ سزایەکی دواکەوتنی لێ وەرناگیرێت.
2.بە شێوەیەکی گشتی، لە هەر حاڵەتێکدا کە دواکەوتنی مامەڵەی هاووڵاتییان بەهۆی کەمتەرخەمیی خودی هاووڵاتییەکەوە نەبێت، بەڵکو هۆکارەکەی فەرمانگە حکوومییەکان (وەک بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ) بن، نابێت هاووڵاتییەکە ڕووبەڕووی هیچ سزایەک ببێتەوە و کارەکانی بەبێ پێبژاردن بۆ ڕایی دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.